Add parallel Print Page Options

کۆکراوەی بەشی چوارەم

زەبوورەکانی 90‏–106

نوێژێکی موسای پیاوی خودا.

90 ئەی پەروەردگار، نەوە دوای نەوە
    تۆ پەناگامان بوویت.
بەر لەوەی چیاکان پەیدا ببن،
    یان زەوی و جیهان دروستببن،
    لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە، تۆ خودایت.

تۆ مرۆڤ دەکەیتەوە بە تۆز،
    دەفەرموویت: «ئادەمیزادینە، بگەڕێنەوە بۆ تۆز.»
چونکە لەلای تۆ، هەزار ساڵ
    وەک دوێنێ وایە کە تێپەڕیوە،
    وەک بەشێکی شەو وایە.
مرۆڤ وەک خەون ڕادەماڵیت،
    وەک ئەو گیایەی سەر لە بەیانی نوێ دەبێتەوە،
سەر لە بەیانی دەبووژێتەوە و نوێ دەبێتەوە،
    بۆ ئێوارە سیس دەبێت و دەفەوتێت.

چونکە بە هەڵچوونی تۆ لەناوچووین،
    بە تووڕەیی تۆ تۆقین.
گوناهەکانی ئێمەت لەبەردەمی خۆت داناوە،
    شتە شاراوەکانمان لەبەر ڕووناکی ڕوخسارت.
چونکە هەموو ڕۆژگارمان بە تووڕەیی تۆ بەسەرچوو،
    ساڵانی تەمەنمان وەک هەناسەیەک بەسەربرد.
10 ساڵانی تەمەنمان حەفتا ساڵە،
    یان هەشتا ساڵ ئەگەر بە هێزەوە بێت،
ئەوەی مایەی شانازیش بێت ڕەنج و ناخۆشییە،
    چونکە بە پەلە دەڕەوێتەوە و ئێمە باڵدەگرین.
11 کێ هێزی تووڕەیی تۆ دەزانێت؟
    چونکە تووڕەیی تۆ ترسێکی زۆر دەهێنێ.
12 ئیتر فێرمان بکە ڕۆژانمان بژمێرین،
    بۆ ئەوەی دڵێکی پڕ داناییمان هەبێت.

13 ئەی یەزدان، تووڕەییەکەی دابمرکێنەوە! هەتا کەی؟
    لەگەڵ خزمەتکارەکانت میهرەبان بە.
14 سەر لە بەیانی لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت تێرمان بکە،
    هەتا هەموو ڕۆژانی ژیانمان هەلهەلە لێبدەین و دڵشاد ببین.
15 دڵشادمان بکە ئەوەندەی بۆ ئەو ڕۆژانەی تووشی ناخۆشیت کردین،
    ئەو ساڵانەی کە خراپەمان بینی.
16 کردەوە مەزنەکانت بۆ خزمەتکارەکانت دەربخە،
    شکۆمەندیت بەسەر منداڵەکانیان.

17 با نیعمەتی خودای پەروەردگارمان بەسەرمانەوە بێت،
    کردەوەکانی دەستمان بۆ بچەسپێنە،
    بەڵێ، کردەوەکانی دەستمان بچەسپێنە.
91 ئەوەی لە پەناگای هەرەبەرز دادەنیشت،
    ئەوەی لە سێبەری خودای هەرە بە توانا دەمێنێتەوە،
بە یەزدان دەڵێ: «تۆ پەناگامی، قەڵامی،
    خودای منی، پشتت پێ دەبەستم.»

چونکە لە تۆڕی ڕاوچی دەربازت دەکات،
    لە دەرد و بەڵای کوشندە.
بە باڵی خۆی داتدەپۆشێت،
    لەژێر باڵەکانی پەنا دەگریت و
    دڵسۆزییەکەی قەڵغان و شوورایە.
نە لە تۆقینی شەو دەترسیت و
    نە لەو تیرەی بە ڕۆژ دەهاوێژرێت،
نە لەو دەردەی کە لە تاریکی دێت،
    نە لەو ئافاتەی بە ڕۆژی نیوەڕۆ زیان دەبەخشێت.
هەزار کەس لەتەنیشتت بەردەبنەوە،
    دە هەزار لەلای دەستە ڕاستت،
    بەڵام لە تۆ نزیک ناکەوێتەوە.
بەڵکو تەنها بە چاوی خۆت سەیر دەکەیت و
    سزای بەدکاران دەبینیت.

چونکە یەزدانت کرد بە پەناگات،
    هەرەبەرزت کرد بە لانەی خۆت،
10 هیچ خراپەت بەسەرنایەت و
    هیچ بەڵایەک لە ماڵت نزیک ناکەوێتەوە.
11 لەبەر ئەوەی سەبارەت بە تۆ فەرمان بە فریشتەکانی دەدات،
    بۆ ئەوەی لە هەموو هەنگاوێکت بتپارێزن،
12 لەسەر دەستیان هەڵتدەگرن،
    تاکو پێت بەر بەردێک نەکەوێت.
13 پێ بە شێر و ماری کۆبرادا دەنێیت،
    بەچکە شێر و ئەژدیها پێشێل دەکەیت.

14 یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوەی دڵی بە منەوە بەندە، ڕزگاری دەکەم،
    دەیپارێزم، چونکە من دەناسێت[a].
15 نزام بۆ دەکات، وەڵامی دەدەمەوە،
    لە تەنگانە لەگەڵیدام،
    دەربازی دەکەم و ڕێزداری دەکەم.
16 بە ڕۆژگاری درێژ تێری دەکەم،
    ڕزگاریی خۆمی نیشان دەدەم.»

زەبوورێک، گۆرانییەک بۆ ڕۆژی شەممە.

92 چاکە ستایشی یەزدان بکرێت،
    گۆرانی گوتن بۆ ناوت، ئەی هەرەبەرز،
بەیانییان خۆشەویستی نەگۆڕت ڕابگەیەنرێت و
    دڵسۆزیت بە شەوان،
بە قیسارەی دە ژێیی،
    بە ئاوازی ساز.

چونکە ئەی یەزدان، بە کردارەکانت دڵخۆشت کردووم،
    هەلهەلە لێدەدەم بۆ کارەکانی دەستت.
ئەی یەزدان، کردارەکانت چەندە مەزنە!
    بیرکردنەوەی تۆ چەندە قووڵە!
مرۆڤی گێل ئەمە نازانێت،
    نەزانیش ئەمە تێناگات:
هەرچەندە خراپەکاران وەک گیا بگەشێنەوە و
    هەموو بەدکاران چرۆ بکەن،
بۆ هەتاهەتایە لەناودەچن.

بەڵام ئەی یەزدان، تۆ هەمیشە بەرزیت.

ئەی یەزدان، چونکە بێگومان دوژمنەکانت،
    بێگومان دوژمنەکانت دەفەوتێن و
    هەموو بەدکاران پەرتەوازە دەبن.
10 بەڵام وەک گای کێوی بەهێز بووم،
    بە ڕۆنی گرانبەها چەور کرام.
11 بە چاوی خۆم بەزینی دوژمنانم دەبینم،
    گوێم لە بەزینی ئەوانە دەبێت کە بە خراپە دژم هەستاون.

12 ڕاستودروستان وەک دار خورما گەشە دەکەن،
    وەک ئورزی لوبنان گەشە دەکەن،
13 لە ماڵی یەزدان ڕواون،
    لە حەوشەی ماڵەکەی خودامان گەشە دەکەن.
14 بە پیریش هەر بەریان دەبێت،
    هەمیشە تەڕ و سەوزن،
15 بۆ ئەوەی ڕابگەیەنن کە یەزدان ڕاستودروستە،
    تاشەبەردمە و خراپە لە ئەودا نییە.
93 یەزدان پاشایەتی دەکات، مەزنی لەبەر دەکات،
    یەزدان هێزی لەبەر دەکات و لە خۆی بەستووە،
    هەروەها جیهان چەسپاوە و ناهەژێت.
لە دێر زەمانەوە تەختت چەسپاوە،
    تۆ لە ئەزەلەوە و هەتاهەتایە هەیت.

ئەی یەزدان، دەریاکان بەرزیان کردەوە،
    دەریاکان دەنگیان بەرزکردەوە،
    دەریاکان شەپۆلەکانیان بەرز دەکەنەوە.
لە خوڕەی ئاوی زۆر،
    لە توانای شەپۆلەکانی دەریا،
    یەزدانی ئاسمان توانادارترە.

یاساکانت زۆر چەسپاون،
    ئەی یەزدان، پیرۆزی لە ماڵی تۆ دەوەشێتەوە،
    بە درێژایی ڕۆژگار.
94 ئەی یەزدان، خودای تۆڵە،
    ئەی خودای تۆڵە، بدرەوشێوە.
ئەی دادوەری زەوی، ڕاپەرە،
    سزای لووتبەرزەکان بدەوە.
ئەی یەزدان، هەتا کەی بەدکاران،
    هەتا کەی بەدکاران دڵشاد دەبن؟

بەدکاران لووتبەرزی لە قسەکانیانەوە هەڵدەقوڵێت،
    شانازی بە خۆیانەوە دەکەن.
ئەی یەزدان، گەلەکەت وردوخاش دەکەن،
    میراتی تۆ دەچەوسێننەوە دەکەن.
بێوەژن و نامۆ دەکوژن،
    هەتیو سەردەبڕن.
دەڵێن: «یەزدان نابینێت،
    خودای یاقوب ئاگای لێ نییە.»

ئەی دەبەنگەکان لەنێو گەل، وریابن!
    ئەی گێلەکان، کەی تێدەگەن؟
ئایا ئەوەی گوێی چاندووە، نابیستێت؟
    ئایا ئەوەی چاوی دروستکردووە، نابینێت؟
10 ئایا ئەوەی نەتەوەکان تەمبێ دەکات، سەرزەنشت ناکات؟
    ئایا ئەوەی فێری مرۆڤ دەکات، زانیاری نییە؟
11 یەزدان بیرکردنەوەی مرۆڤ دەزانێت،
    کە پووچە.

12 ئەی یەزدان، خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی تۆ تەمبێی دەکەیت،
    لە تەوراتی خۆت فێری دەکەیت.
13 لە ڕۆژی بەد ئارامی بکەیتەوە،
    تاوەکو گۆڕ بۆ بەدکار هەڵبکەنرێت.
14 چونکە یەزدان واز لە گەلی خۆی ناهێنێ،
    میراتی خۆی ڕەت ناکاتەوە.
15 چونکە دادوەری بۆ ڕاستودروستی دەگێڕێتەوە،
    هەموو دڵڕاستەکان شوێنی دەکەون.

16 کێ بۆم لە دژی بەدکاران هەڵدەستێتەوە؟
    کێ بۆم لە دژی خراپەکاران بوەستێتەوە؟
17 یەزدان هاریکارم بوو، ئەگینا هێندەی نەمابوو
    گیانم لەنێو بێدەنگی مردووان نیشتەجێ بێت.
18 کاتێک گوتم: «پێم دەخلیسکێت،»
    ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت پشتی گرتم.
19 کە خەم لە ناخم زۆر بێت،
    دڵنەوایی تۆ گیانی منی شاد کرد.

20 ئایا تەختی گەندەڵی هاوڕێیەتی لەگەڵ تۆ دەبەستێت،
    ئەوانەی بەگوێرەی زۆرداری خۆیان، شێوەی یاسا دادەڕێژن؟
21 لە دژی گیانی ڕاستودروست کۆدەبنەوە،
    خوێنێکی بێگەرد تاوانبار دەکەن.
22 بەڵام یەزدان بۆم دەبێتە قەڵا،
    خودا بۆم بووە بە تاشەبەردی پەناگام.
23 ئەو خراپەیەی دەیکەن بەسەر خۆیانیدا دەداتەوە و
    لە سزای بەدکاری خۆیان کڕیان دەکات.
    یەزدانی پەروەردگارمان کڕیان دەکات.
95 وەرن، هەلهەلە بۆ یەزدان لێبدەین،
    هاواری شادی بکەین بۆ تاشەبەردی ڕزگاریمان.
بە ستایشەوە بچینە بەردەمی،
    بە مۆسیقاوە هاواری شادی بۆ بکەین.

چونکە یەزدان خودایەکی گەورەیە،
    پاشایەکی گەورەیە بەسەر هەموو خوداوەندەکانەوە.
قووڵاییەکانی زەوی بە دەستە و
    لووتکەی شاخەکان هی ئەون.
دەریا هی ئەوە و ئەو دروستی کردووە،
    بە دەستی خۆی شێوەی وشکانیی پێکهێنا.

وەرن، کڕنۆشی بۆ ببەین و بیپەرستین،
    لەبەردەم یەزدانی دروستکەرمان چۆک دابدەین،
چونکە ئەو خودامانە و
    ئێمە گەلی لەوەڕگاکەی ئەوین،
    مەڕی دەستی ئەوین.

ئەمڕۆ، کاتێک گوێتان لە فەرمایشتی ئەو دەبێت،
    دڵی خۆتان ڕەق مەکەن وەک لە مەریبا ڕوویدا،
    وەک ئەو ڕۆژە لە مەسا[b] لە بیابان،
لەوێ باوباپیرانتان تاقییان کردمەوە،
    هەرچەندە کردارەکانی منیان بینی،
    بەڵام هەر تاقییان کردمەوە.
10 چل ساڵ لەو نەوەیە تووڕە بووم،
    فەرمووم: «ئەمانە گەلێکن دڵیان گومڕا بووە و
    ڕێگای منیان نەناسی.»
11 بۆیە لە تووڕەییمدا سوێندم خوارد:
    «نایەنە ناو حەسانەوەی من.»
96 گۆرانی بڵێن بۆ یەزدان، گۆرانییەکی نوێ،
    گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن، ئەی هەموو زەوی.
گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن، ستایشی ناوی بکەن،
    ڕۆژ بە ڕۆژ مژدەی ڕزگاریی ئەو ڕابگەیەنن.
لەنێو نەتەوەکان شکۆمەندی ئەو ڕابگەیەنن،
    لەنێو هەموو گەلان کارە سەرسوڕهێنەرەکانی.

چونکە یەزدان مەزنە و شایانی ستایشی زۆرە،
    سامناکە بەسەر هەموو خوداوەندەکانەوە.
چونکە هەموو خوداوەندەکانی گەلان بتن،
    بەڵام یەزدان ئاسمانی دروستکردووە.
شکۆ و سەربەرزی لەبەردەمیدان،
    هێز و جوانی لە پیرۆزگاکەیدان.

ئەی هەموو خێڵەکانی گەلان، ستایشی یەزدان بکەن،
    ستایشی شکۆ و هێزی یەزدان بکەن.
ستایشی ناوی شکۆداری یەزدان بکەن،
    دیاری بهێنن و وەرنە ناو حەوشەی ماڵەکەی.
کڕنۆش بۆ یەزدان ببەن چونکە شکۆدار و پیرۆزە،
    ئەی هەموو خەڵکی زەوی، لەبەردەمی بلەرزن.
10 لەنێو نەتەوەکان بڵێن: «یەزدان پاشایەتی دەکات!
    جیهان چەسپاوە و هەرگیز نالەقێت،
    بە دادپەروەری حوکم بەسەر گەلاندا دەدات.»

11 با ئاسمان شادبێت و زەوی دڵخۆش بێت،
    با دەریا و هەرچی تێدایە بخرۆشێن،
12     با کێڵگە و هەرچی تێدایە شاگەشکە بن.
ئینجا هەموو درەختەکانی دارستان گۆرانی دەڵێن،
13     لەبەردەم یەزدان، چونکە دێت،
    چونکە دێت بۆ ئەوەی دادوەری زەوی بکات،
دادوەری جیهان دەکات، بە ڕاستودروستی،
    گەلانیش بە دڵسۆزی.
97 یەزدان پاشایەتی دەکات، با زەوی دڵخۆش بێت،
    دوورگە زۆرەکان شادمان بن.
هەور و تەم لە دەوروپشتی ئەوە،
    ڕاستودروستی و دادپەروەری بنچینەی تەختی ئەوە.
ئاگر لەپێشیەوە،
    دوژمنەکانی دەوروبەری دەسووتێنێت.
بروسکەکانی جیهان ڕووناک دەکەنەوە،
    زەوی چاوی پێکەوت و لەرزی.
چیاکان وەک مۆم لەبەردەم یەزدان توانەوە،
    لەبەردەم یەزدانی هەموو زەوی.
ئاسمان ڕاستودروستییەکەی ڕادەگەیەنێت،
    هەموو گەلان شکۆمەندی ئەویان بینی.

ئەوانەی پەیکەر دەپەرستن شەرمەزار دەبن،
    ئەوانەی شانازی بە بت دەکەن.
    ئەی هەموو خوداوەندەکان، کڕنۆشی بۆ ببەن.

سییۆن بیستی و شادمان بوو،
    کچانی یەهودا دڵخۆش بوون،
    بە حوکمەکانت، ئەی یەزدان.
چونکە ئەی یەزدان، لەسەر هەموو زەوی تۆ هەرەبەرزی.
    لەسەر هەموو خوداوەندەکان زۆر بەرزبوویتەوە.
10 دۆستانی یەزدان ڕقیان لە بەدکاری دەبێتەوە،
    گیانی خۆشەویستانی دەپارێزێت،
    لە دەست خراپەکاران دەربازیان دەکات.
11 ڕووناکی بۆ ڕاستودروستان چێنراوە،
    شادی بۆ دڵڕاستەکان.
12 ئەی ڕاستودروستان، بە یەزدان شاد بن،
    ستایشی ناوە پیرۆزەکەی بکەن.

زەبوورێک

98 گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن، گۆرانییەکی نوێ،
    چونکە کاری سەرسوڕهێنەری کردووە.
دەستە ڕاست و بازووی پیرۆزی،
    سەرکەوتنیان بۆ بەدەستهێناوە.
یەزدان ڕزگاریی خۆی ڕاگەیاند،
    ڕاستودروستییەکەی بۆ گەلان دەرخست.
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی و دڵسۆزییەکەی،
    بەیادهێنایەوە بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل.
هەموو زەوی هەتا ئەوپەڕی دنیا،
    ڕزگاریی خودای ئێمەیان بینی.

ئەی سەراپای زەوی هاواری شادی بکەن بۆ یەزدان،
    بە دەنگی بەرز گۆرانی بڵێن و هەلهەلە لێ بدەن.
بە قیسارە مۆسیقای بۆ یەزدان بژەنن،
    بە قیسارە و دەنگی گۆرانی.
بە زوڕنا و دەنگی کەڕەنا،
    هاواری شادی بکەن بەرامبەر بە یەزدانی پاشا.

با دەریا و هەرچی تێیدایە،
    با جیهان و دانیشتووانی بخرۆشێن.
با ڕووبارەکان چەپڵە لێبدەن و
هەموو چیاکان هەلهەلە لێبدەن،     لەبەردەم یەزدان،
چونکە دێت بۆ ئەوەی دادوەری زەوی بکات،
    بە ڕاستودروستی دادوەری جیهان دەکات،
    گەلانیش بە دادپەروەری.
99 یەزدان پاشایەتی دەکات،
    با گەلان بلەرزن،
لەنێوان کەڕوبەکان لەسەر تەخت دانیشتووە،
    با زەوی بهەژێت.
یەزدان مەزنە لە سییۆن،
    بەرزە و بەسەر هەموو گەلانەوەیە.
با ستایشی ناوە مەزن و سامناکەکەت بکەن،
    ئەو پیرۆزە.

پاشا بەهێزە، حەز لە دادپەروەری دەکات.
    تۆ ڕاست و ڕێکیت چەسپاند،
تۆ دادپەروەری و ڕاستودروستیت لەناو یاقوب دروستکردووە.
یەزدانی پەروەردگارمان بەرز بکەنەوە،
    لە تەختەپێی کڕنۆش ببەن،
    ئەو پیرۆزە.

موسا و هارون لەناو کاهینەکانی ئەون،
    ساموئێل لەناو ئەو کەسانەیە بە ناوی ئەو دەپاڕێنەوە.
لە یەزدان پاڕانەوە،
    ئەویش وەڵامی دانەوە،
بە ستوونی هەور قسەی لەگەڵ کردن،
    یاساکەیان پەیڕەو کرد، هەروەها ئەو فەرزەی پێیدان.

ئەی یەزدانی پەروەردگارمان، تۆ وەڵامت دانەوە،
    خودایەکی لێبوردە بوویت و
    تۆڵەسێنەر بوویت لەسەر کردەوەکانیان.
یەزدانی پەروەردگارمان بەرز بکەنەوە،
    کڕنۆش بۆ چیای پیرۆزی ببەن،
    چونکە یەزدانی پەروەردگارمان پیرۆزە.

زەبوورێکی ستایش.

100 ئەی هەموو زەوی، هاواری خۆشی بۆ یەزدان بکەن،
    بە شادمانییەوە یەزدان بپەرستن،
    بە هەلهەلەوە وەرنە بەردەمی.
بزانن کە یەزدان خودایە،
    ئەوە کە ئێمەی دروستکردووە و ئێمەش هی ئەوین.
    ئێمە گەل و مەڕی لەوەڕگای ئەوین.

بە سوپاسەوە بڕۆنە ناو دەروازەکانی[c]،
    بە ستایشەوە بڕۆنە ناو حەوشەی پەرستگاکەی،
    سوپاسی بکەن و ستایشی ناوی بکەن.
چونکە یەزدان چاکە و
    خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە،
    دڵسۆزیشی بۆ نەوە دوای نەوەیە.

زەبوورێکی داود.

101 گۆرانی بەسەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و دادپەروەریتدا دەڵێم،
    ئەی یەزدان، سروودی ستایش بۆ تۆ دەڵێم.
لە ڕێگای تەواوەتی وریا دەبمەوە.
    کەی دێیت بۆ لام؟

بە دڵێکی تەواوەوە هەڵسوکەوت دەکەم،
    لەناو ماڵی خۆم.
شتی قێزەون لەپێش چاوم دانانێم.

ڕقم لە کاری یاخیبووانە،
    قەت بە منەوە نانووسێت.
دڵی خواروخێچ لە من دوور دەبێت،
    پەیوەندیم بە بەدکارییەوە نابێت.

ئەوەی بەدزییەوە بوختان بە کەسێک بکات،
    دەمکوتی دەکەم،
لەگەڵ لووتبەرز و دڵ پڕ لە فیز
    بەرگە ناگرم.

چاوم لە سەرڕاستانی زەوییە بۆ ئەوەی لەگەڵ خۆم دایاننیشێنم،
    ئەوانەی ڕێگای ڕاستیان گرتووە و خزمەتم دەکەن.

ئەوەی بە فێڵ ئیش بکات، لە ماڵی من دانانیشێت،
    ئەوەی درۆ بکات، لەبەرچاوی من ناوەستێت.

بەیانییان زوو هەموو بەدکارەکانی زەوی
    دەمکوت دەکەم،
لە شاری یەزدان ڕیشەکێشیان دەکەم،
    هەموو ئەوانەی گوناهبارن.

نوێژی هەژارێکی ورەڕووخاو، کە هاواری دەباتە بەردەم یەزدان.

102 ئەی یەزدان، گوێ لە نوێژم بگرە،
    با هاوارم بگاتە لات.
لە ڕۆژی تەنگانەدا ڕووی خۆتم لێ مەشارەوە،
    لەو ڕۆژەی کە هاوارت بۆ دەکەم گوێم بۆ شل بکە،
    زوو وەڵامم بدەوە.

ڕۆژگارم وەک دووکەڵ ڕەوییەوە،
    ئێسکم وەک پشکۆ گڕی گرتووە.
هەڵپڕووکاوە، دڵم وشک بووەتەوە،
    نانخواردنم لەبیر نەماوە.
لە دەنگی ناڵەم
    ئێسکم بە پێستمەوە نووساوە.
وەک کوندەپەپووی بیابانی چۆڵەوانیم لێهاتووە،
    وەک کوندەپەپووی کەلاوەم لێهاتووە.
ڕادەکشێم و
    وەک چۆلەکەیەکی تەنهای سەربانم لێهاتووە.
بە درێژایی ڕۆژ دوژمنەکانم سووکایەتیم پێ دەکەن،
    ئەوانەی لە دژی منن وەک شێتیان لێ هاتووە، نەفرەتم لێدەکەن.
بۆیە خۆڵەمێش دەخۆم وەک نان،
    فرمێسکم تێکەڵ بە خواردنەوەم بووە.
10 لەبەر تووڕەیی و نەفرەتی تۆ،
    چونکە هەڵتگرتم و فڕێتدام.
11 ڕۆژگارم وەک سێبەری خوارە،
    خۆشم وەک گیا وشک دەبمەوە.

12 تۆش ئەی یەزدان، هەتاهەتایە لەسەر تەختی،
    نەوە دوای نەوە یادت دەکەنەوە.
13 تۆ هەڵدەستیت و بەزەییت بە سییۆن دێتەوە،
    چونکە ماوەی میهرەبانییە، چونکە کاتی هاتووە.
14 چونکە خزمەتکارەکانت بە تاسەوەن بۆ بەردەکانی،
    دڵیان دەسووتێ بۆ خۆڵەکەی.
15 هەموو نەتەوەکان لە ناوی یەزدان دەترسن،
    هەموو پاشاکانی زەویش لە شکۆمەندیت.
16 چونکە کە یەزدان سییۆن بنیاد دەنێتەوە،
    بە شکۆمەندی خۆی دەبینرێت.
17 ئاوڕ لە نوێژی ڕووتوڕەجاڵەکان دەداتەوە،
    نوێژەکانیان بە کەم نازانێت.

18 ئەمە بۆ نەوەی داهاتوو دەنووسرێت،
    تاکو ئەو نەوەیە ستایشی یەزدان بکەن، کە هێشتا لەدایک نەبوونە:
19 «یەزدان لە بەرزایی پیرۆزگای خۆیەوە دەڕوانێتە خوارێ،
    لە ئاسمانەوە سەیری زەوی دەکات،
20 بۆ ئەوەی گوێی لە ناڵەی دیلەکان بێت،
    ئەوانە ئازاد بکات کە دراونەتە دەست مردن.»
21 جا لە سییۆن ناوی یەزدان ڕادەگەیەنرێت،
    لە ئۆرشەلیم ستایشی،
22 کاتێک گەلان و پاشایەتییەکان
    پێکەوە بۆ پەرستنی یەزدان کۆدەبنەوە.

23 لە ناوەڕاستی تەمەنم هێزی کزکردم،
    ڕۆژگاری کورتکردم.
24 گوتی: «ئەی خودای من، لە ناوەڕاستی ڕۆژگارم لام مەدە،
    ساڵانی تۆ بۆ نەوە دوای نەوەیە.
25 لە سەرەتاوە بناغەی زەویت دانا،
    ئاسمانیش دەستکردی تۆیە.
26 ئەوان لەناودەچن، بەڵام تۆ دەمێنیت،
    هەموو وەک کراس کۆن دەبن،
    وەک جلوبەرگ دەیانگۆڕیت و دەگۆڕدرێن.
27 بەڵام تۆ هەروەک خۆتی،
    ساڵانی تۆ کۆتایی نایەت.
28 کوڕی خزمەتکارەکانت نیشتەجێ دەبن و
    نەوەکانیان لەبەردەمت دەچەسپێن.»

گۆرانییەکی داود.

103 ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە،
    هەموو ناخیشم ستایشی ناوی پیرۆزی بکە.
ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە،
    هیچ چاکەیەکی لەبیر مەکە:
ئەوەی لە هەموو گوناهێکت خۆشدەبێت،
    لە هەموو نەخۆشییەک چاکت دەکاتەوە،
ئەوەی ژیانت لە گۆڕ دەکڕێتەوە،
    خۆشەویستی نەگۆڕ و بەزەیی دەکاتە تاجی سەرت،
ئەوەی تەمەنت تێر دەکات بە چاکە،
    تاکو گەنجییەتیت وەک هەڵۆ نوێ ببێتەوە.

یەزدان ڕاستودروستی ئەنجام دەدات،
    دادپەروەری بۆ هەموو چەوساوەکان.

ڕێگای خۆی بە موسا ناساند،
    کردارەکانی بە نەوەکانی ئیسرائیل:
یەزدان میهرەبان و بە بەزەییە،
    پشوودرێژە و خۆشەویستی نەگۆڕی زۆرە.
تاوانبارکردنی هەتاسەر نییە،
    تووڕەیی هەتاهەتایە نییە.
10 بە گوناهی خۆمان لەگەڵ ناکات و
    بەگوێرەی تاوانەکانمان سزامان ناداتەوە.
11 وەک بەرزی ئاسمان لەسەر زەوییەوە،
    خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی زۆرکردووە بۆ ئەوانەی کە لێی دەترسن.
12 وەک دووری ڕۆژهەڵات لە ڕۆژئاواوە،
    یاخیبوونەکانمانی لێ دوورخستووینەتەوە.

13 وەک باوک چۆن بەزەیی بە منداڵەکانیدا دێتەوە،
    یەزدانیش ئاوا بەزەیی بەوانەدا دێتەوە کە لێی دەترسن.
14 چونکە دەزانێت ئێمە چۆن پێکهێنراوین،
    لەبیریەتی کە ئێمە خۆڵین.
15 مرۆڤ ڕۆژگاری ژیانی وەک گیا وایە،
    وەک گوڵی ناو کێڵگە گوڵ دەکات.
16 چونکە بایەک بەسەریدا هەڵبکات، ئیتر نامێنێت،
    ئاسەواریشی دیار نابێت.
17 بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕی یەزدان لە ئەزەلەوە و
    هەتاهەتایە بۆ ئەوانەیە کە لێی دەترسن،
    ڕاستودروستییەکەشی بۆ نەوەکانە،
18 بۆ ئەوانەی پەیمانی بەجێدەگەیەنن،
    ئەوانەی ڕێنماییەکانی ئەویان لەبیرە بۆ ئەوەی پەیڕەوی بکەن.

19 یەزدان تەختی خۆی لە ئاسمان چەسپاندووە و
    پاشایەتییەکەشی بەسەر هەمووانەوە فەرمانڕەوایەتی دەکات.

20 ئەی فریشتەکانی یەزدان، ستایشی بکەن،
    ئەی ئەو بەهێزانەی وتەکانی بەجێدەهێنن،
    ئەی ئەوانەی گوێڕایەڵی وتەی ئەو دەبن.
21 ئەی هەموو سوپاکانی، ستایشی یەزدان بکەن،
    ئەی خزمەتکارانی کە بە ڕەزامەندی ئەو دەکەن.
22 ئەی هەموو کارەکانی، ستایشی یەزدان بکەن
    لە هەموو شوێنێکی ژێر دەسەڵاتی.

ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە.
104 ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە.

ئەی یەزدانی پەروەردگارم، تۆ زۆر مەزنیت!
    شکۆمەندی و پایەبەرزیت لەبەرکردووە.

وەک بەرگ ڕووناکیت پۆشیوە،
    وەک خێوەت ئاسمانت هەڵداوە،
    وەک کاریتە بەیتوونەکەت لەسەر ئاو داناوە.
هەوری ئاسمانت کردووەتە گالیسکەت،
    بەسەر باڵی باوە دەڕۆیت.
بایەکانت کردووەتە فریشتەکانت،
    بڵێسەی ئاگر خزمەتکارانت.

زەویت لەسەر بناغەی خۆی دامەزراندووە،
    هەتاهەتایە نالەقێت.
تۆ وەک کراس زەویت بە دەریای قووڵ داپۆشی،
    لەسەر چیاکان ئاو ڕادەوەستێت.
بەڵام لە سەرزەنشتی تۆ دەریاکان هەڵاتن،
    لە گرمەی دەنگی تۆ بە ترسەوە ڕایانکرد،
بەسەر چیاکان کەوتن و
    شۆڕ بوونەوە ناو دۆڵەکان،
    بۆ ئەو شوێنەی تۆ بۆت دامەزراندبوون.
سنوورێکت دانا لێی تێنەپەڕن،
    نەگەڕێنەوە هەتا زەوی دابپۆشن.

10 کانیاو لە شیوەکان دەتەقێنیتەوە،
    بۆ ئەوەی لەنێوان چیاکاندا بڕۆن.
11 هەموو زیندەوەرێکی دەشتودەر ئاودەدەن،
    کەرەکێوییەکان تینووێتی خۆیانی پێ دەشکێنن.
12 باڵندەی ئاسمان هێلانەی تێدا دەکات،
    لەناو چڵەکان دەخوێنێت.
13 لە بەیتوونەکەی خۆتەوە چیاکان ئاو دەدەیت،
    زەوی لە بەروبوومی کردەوەکانت تێر دەبێت.
14 گیا بۆ ئاژەڵی ماڵی دەڕوێنیت،
    سەوزە بۆ خزمەتی مرۆڤ،
    بۆ دەرهێنانی نان لە زەوییەوە.
15 مەی پێ دەبەخشی بۆ ئەوەی دڵی مرۆڤ خۆش بکەی،
    ڕۆن بۆ درەوشانەوەی زیاتری ڕووی،
    نان بۆ پتەوکردنی دڵی مرۆڤ.
16 درەختەکانی یەزدان تێر دەبن،
    ئەو داری ئورزەی لوبنان کە چاندی،
17 ئەوەی چۆلەکە هێلانەی تێدا دەکات،
    لەقلەقیش داری سنەوبەر ماڵیەتی،
18 چیای بەرزیش بۆ بزنە کێوی،
    تاشەبەردەکانیش پەناگای گۆڕهەڵکەنە.

19 مانگت دروستکرد بۆ دیاریکردنی وەرزەکان،
    خۆریش ئاوابوونی خۆی دەزانێت.
20 تاریکی دادێنێت دەبێت بە شەو،
    هەموو زیندەوەری دارستان تێیدا دەکەونە جموجۆڵ.
21 بەچکە شێر بۆ نێچیر دەنەڕێنن،
    بۆ داواکردنی خواردنیان لە خودا.
22 کە ڕۆژ هەڵدێت دەکشێنەوە،
    لەناو لانەکانیان خۆیان مات دەکەن.
23 مرۆڤ دەچێت بۆ ئیشوکاری،
    بۆ ڕەنجکێشییەکەی هەتا ئێوارە.

24 ئەی یەزدان، کردەوەکانت چەندە زۆرن!
    هەموویت بە دانایی دروستکردووە،
    زەوی پڕە لە دەستکردی تۆ.
25 ئەم دەریا گەورە و فراوانە،
    کە بێشومار گیانداری گەورە و بچووکی تێدا جمەی دێت.
26 لەوێ کەشتییەکان دەڕۆن،
    لیڤیاتان[d]، ئەمەی خۆت بەدیت هێناوە بۆ ئەوەی یاری تێدا بکات.

27 ئەمانە هەمووی چاویان لە تۆیە،
    بۆ ئەوەی لە کاتی خۆی خواردنیان بدەیتێ،
28 پێیان دەدەیت و دەیقۆزنەوە،
    دەستت دەکەیتەوە تێر چاکە دەبن.
29 ڕوو وەردەگێڕیت، دەتۆقن،
    هەناسەیان لێ دەبڕیت، دەمرن،
    دەگەڕێنەوە بۆ خۆڵی خۆیان.
30 کاتێک ڕۆحی خۆت دەنێریت،
    ئەوان بەدیهێنراون،
    ڕووی زەوی نوێ دەکەیتەوە.

31 با شکۆی یەزدان هەتاهەتایە بەردەوام بێت،
    با یەزدان بە کارەکانی خۆی دڵخۆش بێت.
32 ئەوەی سەیری زەوی دەکات، لەرز دەیگرێت،
    دەست دەداتە چیاکان، دووکەڵ دەکەن.

33 بە درێژایی ژیانم گۆرانی بۆ یەزدان دەڵێم،
    تاکو ماوم سروود بۆ خودای خۆم دەڵێم.
34 با بیرکردنەوەم شیرین بێت لەلای،
    منیش بە یەزدان دڵخۆش دەبم.
35 بەڵام با گوناهباران لەسەر زەوی دواییان ببڕێتەوە،
    با بەدکاران ئیتر نەمێنن.

ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە.

هەلیلویا![e]
105 ستایشی یەزدان بکەن و بە ناوی ئەوەوە نوێژ بکەن،
    کردارەکانی بە گەلان بناسێنن.
گۆرانی بۆ بڵێن، ستایشی بکەن،
    هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانی ڕابگەیەنن،
شانازی بە ناوی پیرۆزیەوە بکەن،
    با دڵی ئەوانە خۆش بێت کە ڕوو لە یەزدان دەکەن.
پشت بە یەزدان و هێزەکەی ببەستن،
    بەردەوام ڕووتان لەو بکەن.

باسی ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانە بکەن کە کردوونی،
    پەرجوو و حوکمەکانی دەمی،
ئەی نەوەی ئیبراهیمی بەندەی ئەو،
    ئەی کوڕانی یاقوب، هەڵبژاردەکانی.
ئەو یەزدانی پەروەردگارمانە،
    حوکمەکانیشی لە سەراپای زەوییە.

بۆ هەتاهەتایە پەیمانەکەی لە یادە،
    ئەو بەڵێنەی دەیدات بۆ هەزار پشتە،
ئەو پەیمانەی لەگەڵ ئیبراهیم بەستی،
    ئەو سوێندەی بۆ ئیسحاقی خوارد.
10 وەک فەرز بۆ یاقوب چەسپاندی،
    وەک پەیمانێکی هەمیشەیی بۆ ئیسرائیل.
11 فەرموویەتی: «خاکی کەنعان[f] دەدەمە تۆ،
    بەشە میراتی خۆتانە.»

12 ئەو کاتەی ژمارەیان کەم بوو،
    کەم و نامۆ بوون لەو خاکە،
13 لە نەتەوەیەکەوە دەچوونە نەتەوەیەکی دیکە،
    لە پاشایەتییەکەوە بۆ گەلێکی دیکە.
14 لێ نەگەڕا کەس ستەمیان لێ بکات،
    بەڵکو لەبەر ئەوان پاشایانی سەرزەنشت کرد:
15 «دەست لە دەستنیشانکراوەکانم[g] مەدەن،
    خراپە لەگەڵ پێغەمبەرەکانم مەکەن.»

16 قاتوقڕی ناردە سەر زەوی،
    هەموو نانێکی لە زەوی بڕی.
17 کەسێکی لەپێشیانەوە نارد،
    یوسف بە کۆیلەیەتی فرۆشرا،
18 بە کۆت ئازاری پێیان دا،
    زنجیری ئاسنیان لە ملی کرد.
19 هەتا کاتی هاتنەدی قسەکەی،
    پەیامی یەزدان ڕاستگۆیی ئەوی چەسپاند.
20 پاشا ناردی کۆتەکەیان کردەوە،
    فەرمانڕەوای گەلان ئازادی کرد.
21 کردی بە گەورەی ماڵی خۆی،
    کردی بە دەسەڵاتدار لەسەر هەموو موڵکی خۆی،
22 بۆ ئەوەی بە دڵی خۆی میرەکانی ڕێنمایی بکات،
    پیرەکانی فێری دانایی بکات.

23 جا ئیسرائیل هاتە میسر،
    یاقوب لە خاکی حام بوو بە لانەواز.
24 بەم جۆرەی کرد گەلەکەی زۆر بە بەروبووم بن،
    لە هەموو دوژمنەکانی بەهێزتری کردن،
25 ئەوەی دڵی گۆڕین بۆ ئەوەی ڕقیان لە گەلەکەی بێتەوە،
    هەتا فێڵ لە خزمەتکارەکانی بکەن.
26 موسای بەندەی خۆی نارد و
    هارون ئەوەی هەڵیبژارد.
27 لەنێو خۆیان ئەو پەرجوو و نیشانانەی فەرمانی پێکرابوو،
    لە خاکی حام هێنایانە دی.
28 تاریکی نارد و تاریک داهات،
    میسرییەکان لە دژی فەرمانەکانی یاخی بوون.
29 ئاوەکانی گۆڕین بۆ خوێن،
    ماسییەکانیانی کوشت.
30 زەوی پڕبوو لە بۆق،
    کە چوونە نێو نوێنی پاشاکانیشیان.
31 بە فەرمانی ئەو مێشومەگەز هات،
    مێشوولە بۆ هەموو سنوورەکانیان.
32 بارانی کردن بە تەرزە،
    ئاگری بە گڕ لە زەوییەکانیان.
33 لە هەنجیر و دار مێوەکانی دان،
    درەختی سنوورەکانیانی شکاند.
34 بە فەرمانی ئەو کوللە هات،
    کوللەحاجی بێشومار،
35 هەموو سەوزایی زەوییەکەیانی خوارد،
    بەروبوومی خاکەکەیانی خوارد.
36 لە هەموو نۆبەرەیەکی دا لە خاکەکەیان،
    یەکەمین بەرهەمی پیاوەتییان.
37 بە زێڕ و زیوەوە دەریکردن،
    لەنێو هۆزەکانیان کەسی پەککەوتە نەبوو.
38 میسر بە چوونەدەرەوەیان دڵخۆش بوو،
    چونکە ترسی ئەوان چووبووە دڵیانەوە.

39 هەورێکی هێنا بۆ داپۆشین،
    ئاگرێک بۆ ڕووناککردنەوەی شەو.
40 داوایان کرد، سوێسکەی[h] هێنا،
    نانی ئاسمانی تێری کردن.
41 بەردی شەقکرد و ئاوی لێ هەڵقوڵا،
    وەک ڕووبار بەناو بیاباندا ڕۆیی.

42 چونکە بەڵێنی پیرۆزی خۆی یادکردەوە،
    بۆ ئیبراهیمی بەندەی.
43 گەلەکەی بە شادییەوە هێنایە دەرەوە،
    هەڵبژاردەکانی بە هەلهەلەوە.
44 خاکی نەتەوەکانی پێ بەخشین،
    بەری ماندووبوونی گەلانیان بە میرات بۆ مایەوە،
45 بۆ ئەوەی فەرزەکانی بەجێبهێنن،
    فێرکردنی جێبەجێ بکەن.

هەلیلویا.
106 هەلیلویا!

ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە،
    خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.

کێ باسی پاڵەوانیێتی یەزدان دەکات؟
    کێ بە تەواوی ستایشی ئەو دەکات؟
خۆزگە دەخوازرێ بەوانەی دادپەروەری پەیڕەو دەکەن،
    ئەوانەی هەموو کاتێک بە ڕاستودروستی کار دەکەن.

ئەی یەزدان، لە کاتی ڕەزامەندیت لە گەلەکەت یادم بکەرەوە،
    لە ڕزگارییەکەت بەسەرم بکەرەوە،
بۆ ئەوەی خۆشگوزەرانی هەڵبژێردراوانت ببینم،
    بۆ ئەوەی بە دڵخۆشی نەتەوەکەت دڵخۆشبم،
    بۆ ئەوەی لەگەڵ میراتەکەت شانازی بکەم.

ئێمە وەک باوباپیران گوناهمان کرد،
    خراپەمان کرد و بەدکاریمان کرد.
کاتێک باوکانمان لە میسر بوون،
    لە پەرجووەکانی تۆ تێنەگەیشتن،
یادی گەورەیی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی تۆیان نەکردەوە،
    بەڵکو یاخی بوون لەلای دەریا، لەلای دەریای سوور[i]،
بەڵام لەبەر ناوی خۆی ڕزگاری کردن،
    بۆ ئەوەی پاڵەوانیێتی بزانرێت.
لە دەریای سووری ڕاخوڕی، وشک بوو،
    بە ناو قووڵاییەکەیدا بردنی، وەک لە بیابان.
10 لە دەست ناحەز ڕزگاری کردن،
    لە دەست دوژمن کڕینیەوە.
11 ئاو دوژمنانی ئەوانەی داپۆشی،
    کەسیان دەرباز نەبوون.
12 ئەوسا بڕوایان بە بەڵێنەکانی کرد،
    گۆرانییان بۆ ستایشی گوت.

13 بەڵام هەر زوو کردارەکانی ئەویان لەیادچوو،
    چاوەڕێی ڕاوێژی ئەویان نەکرد.
14 بەڵکو لە چۆڵەوانی نەوسیان هەستا،
    لە بیابان خودایان تاقی کردەوە،
15 ئەوەی داوایان کرد، پێیدان،
    بەڵام نەخۆشی لەڕی بۆ ناردن.

16 لە ئۆردوگا بەغیلییان برد بە موسا و
    بە هارونی تەرخانکراوی[j] یەزدان.
17 زەوی لێک بووەوە و داتانی قووت دا،
    بەسەر تاقمەکەی ئەبیرامدا[k] هاتەوەیەک.
18 ئاگر بەربووە تاقمەکەیان،
    گڕ بەدکارانی هەڵلووشی.
19 لە حۆرێڤ گوێرەکەیەکیان دروستکرد،
    کڕنۆشیان بۆ پەیکەرێکی داڕێژراو برد.
20 شکۆیان[l] گۆڕییەوە
    بە پەیکەری گای گیاخۆر.
21 خودای ڕزگارکەری خۆیان لەبیر کرد،
    کە لە میسر کاری مەزنی کردبوو،
22 پەرجووەکان لە وڵاتی حام،
    کارە سامناکەکان لەلای دەریای سوور.
23 ئینجا فەرمووی لەناودەچن،
    ئەگەر موسای هەڵبژاردەی خۆی،
لە کەلێنی شووراکە لە بەرامبەری ڕانەوەستابایە،
    بۆ ئەوەی نەهێڵێ تووڕەیی ئەو دایانبڕزێنێ.

24 خاکی خۆشیان بە سووک زانی،
    باوەڕیان بە بەڵێنی ئەو نەکرد.
25 لەناو خێوەتەکانیاندا کەوتنە بۆڵەبۆڵ،
    گوێیان لە قسەی یەزدان نەگرت.
26 ئەویش سوێندی بۆ خواردن،
    کە لە بیابان بە مردوویی بکەون،
27 نەوەکانیان لەنێو نەتەوەکان بخات و
    لە خاکەکان پەرتیان بکات.

28 پەیوەست بوون بە بەعلی پەعۆرەوە[m]،
    ئەو قوربانییانەیان خوارد کە بۆ بتی مردوو کرابوون[n].
29 بە کردەوەکانیان یەزدانیان پەست کرد،
    دەرد بەناویاندا بڵاو بووەوە.
30 بەڵام فینەحاس[o] هەستا و
    کەوتە بەینەوە، دەرد ڕاگیرا.
31 بە ڕاستودروستی بۆی دانرا،
    نەوە دوای نەوە هەتاهەتایە.
32 لەلای مێرگی مەریبا یەزدانیان تووڕە کرد و
    موسا بەهۆی ئەوانە کەوتە ناخۆشی،
33 چونکە کاتێک ئەوان لە ڕۆحی خودا یاخیبوون،
    قسەی ناشایستەش لە دەمی موسا دەرچوو.

34 گەلەکانیان لەناونەبرد،
    وەک یەزدان فەرمانی پێ کردبوون،
35 بەڵکو لەگەڵ نەتەوەکان تێکەڵاو بوون،
    فێری نەریتەکانیان بوون.
36 بتەکانی ئەوانیان پەرست و
    بوو بە داو بۆیان.
37 کوڕ و کچانی خۆیان
    بۆ بتەکان[p] سەربڕی.
38 خوێنێکی بێتاوانیان ڕشت،
    خوێنی کوڕ و کچەکانیان،
ئەوانەی بۆ بتەکانی کەنعان سەریان بڕین،
    زەوی پیس بوو بە خوێن.
39 گڵاو بوون بە کردەوەکانیان،
    داوێنپیس بوون بە کارەکانیان.

40 لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدان بەسەر گەلەکەیدا جۆشا،
    قێزی لە میراتەکەی بووەوە.
41 ژێردەستەی نەتەوەکانی کردن،
    ناحەزانیان بەسەریاندا زاڵبوون،
42 دوژمنەکانیان تەنگیان پێ هەڵچنین،
    زەلیلی ژێر دەستیان بوون.
43 زۆر جار دەربازی کردن،
    بەڵام بە ئەنقەست یاخیبوون،
    داڕووخان بە گوناهەکانیان.
44 بەڵام لە تەنگانەیاندا ئاوڕی لێ دانەوە،
    کە گوێی لە دەنگی هاواریان بوو.
45 لە پێناوی ئەوان پەیمانی خۆی هێنایەوە یاد،
    بەگوێرەی گەورەیی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی پاشگەز بووەوە.
46 وای کرد ئەوانەی بە دیل گرتوویانن،
    سکیان پێیان بسووتێت.

47 ئەی یەزدانی پەروەردگارمان، ڕزگارمان بکە،
    لەنێو نەتەوەکان کۆمان بکەرەوە،
بۆ ئەوەی ستایشی ناوی پیرۆزی تۆ بکەین و
    شانازی بە ستایشکردنی تۆوە بکەین.

48 ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل،
    لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە.

با هەموو گەل بڵێن: «ئامین!»

هەلیلویا!

Footnotes

  1. 91‏:14 بە واتای ناسینی خودا و کەسایەتییەکەی.‏
  2. 95‏:8 ناوێکی عیبرییە بە واتای تاقیکردنەوە، شوێنێکە لە چۆڵەوانی سینا، هەروەها پێی دەگوترێت مەریبا. بڕوانە ڕوونکردنەوە دەربارەی مێرگی مەریبا لە زەبوورەکان 81‏:7.‏‏ هەروەها بڕوانە دەرچوون 17‏:1‏-7.‏‏
  3. 100‏:4 مەبەست لێی چوونە ناو پەرستگای خودایە دەم بە سوپاس و ستایشەوە.‏
  4. 104‏:26 جۆرە ئەژدیهایەکە، بڕوانە ئەیوب 41‏:1‏‏.‏
  5. 104‏:35 وشەیەکی عیبرییە بە واتای (ستایشی یەزدان بکە).‏
  6. 105‏:11 مەبەست لەو خاکەیە کە کەنعانییەکان تێیدا نیشتەجێ بوون، ئێستاش پێی دەگوترێت فەلەستین.‏
  7. 105‏:15 دەستنیشانکراوە: بە زمانی عیبری پێی دەگوترێ مەشیخ‏ یان مەشیح‏.‏
  8. 105‏:40 سوێسکە: باڵندەیەکی بچووکە، لە شێوەی کەوە، لە پۆلێکی گەورەدا کۆچ دەکەن، لە ئاستێکی نزمدا دەفڕن و هێلانەکانیشیان لەسەر زەوی دروستدەکەن. بڕوانە دەرچوون 16‏:13‏‏
  9. 106‏:7 عیبری سوف‏ واتە (زەل). دەشێت مەبەست لە دەریای سوف بێت، ئەو دەریایە بێت کە دەکەوێتە سەرووی باکووری کەنداوی سوێسی ئەمڕۆ، بەڵام لە دەقی یۆنانی پەیمانی نوێ هەر بە دەریای سوور نووسراوە. بڕوانە عیبرانییەکان 11‏:29‏‏.‏
  10. 106‏:16 عیبری: پیرۆزی یەزدان بە واتای تەرخانکراو بۆ خزمەتی یەزدان وەک کاهین.‏
  11. 106‏:17 دوو کوڕی ئەلیئاب بوون لە نەوەی ڕئووبێن، بەشداری ئۆنی کوڕی فالتیان کرد لە یاخیبوونەکەی قۆرەح لە دژی موسا و هارون. بڕوانە سەرژمێری بەشی 16.‏
  12. 106‏:20 مەبەستی لە شکۆی خودایە.‏
  13. 106‏:28 ناوێکی مۆئابییە بۆ ئەو خوداوەندەی لە کێوی پەعۆر دەیانپەرست. بڕوانە سەرژمێری 25‏:1‏-9.‏‏
  14. 106‏:28 نەریتی کەنعانییەکان بوو، کاتێک یەکێکیان دەمرد، قوربانی پێشکەش بکەن و بخۆن و بخۆنەوە و سەما بکەن.‏
  15. 106‏:30 کوڕی ئەلیعەزەری کوڕی هارونە، دڵگەرم بوو بۆ یەزدان بۆیە کاتێک زەمری کوڕی سالووای شمعۆنی لەگەڵ ژنە میدیانییەکە داوێنپیسی دەکرد هەردووکیانی کوشت، بەو شێوەیە ئەو بەڵایەی بەسەر جولەکەکان هاتبوو بڕایەوە. بڕوانە سەرژمێری 25‏:1‏-9.‏‏
  16. 106‏:37 بە واتای ڕۆحە پیسەکان.‏